Skip to content
← All writings

نەمردم من ئەگەر ئەم جارە بێ تۆ

کاتێک ناخ لە حەسرەتی دووریی یاردا وەک شمشاڵ دەناڵێنێت و فرمێسک دەبێتە ڕووبار...

تێبینی ئەم ئەم بەرهەمە کراوەتە گۆرانی لەلایەن حسن دەرزیەوە (https://youtu.be/oCn8iqB75DU?si=zKDuhO6fPp4vNsYJ)

نەچم، شەرت بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ

ئەگەر ئەم جارە لە تاو دووری تۆ نەمرم، ئەوا بەڵێن بێت هەنگاوێک نەنێم و نەچم بۆ هیچ شوێنێک بەبێ تۆ

دەروونم خاڵییە، وەک نەی دەناڵێ هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ!

ناخم بەبێ تۆ چۆڵ و بەتاڵە ڕێک وەک ئامێری نەی . ئەم دڵەم وەک هەوارێکی چۆڵی لێ هاتووە کە پڕە لە دەنگی هاوار و گریان (نەی=شمشاڵ)

بیناییم کوێرە، هەڵنایێ بە ڕووی کەس موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ

چاوەکانم کوێر بوون و توانای ئەوەیان نییە تەماشای ڕوخساری هیچ کەسێکی تر بکەن، هەر تاڵە برژانگێکی چاوم وەک بزمارێک وایە (موژەم=برژانگ)

هەموو ئەعزایی ناڵینم دەناڵێ سەراپام میسلی مۆسیقارە بێ تۆ

هەموو ئەندامەکانی جەستەم کە توانای ناڵەی هەبێت دەناڵێنن، بە جۆرێک بەبێ تۆ سەراپای گیانم وەک ئامێرێکی مۆسیقای لێ هاتووە

قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکەت شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ

سوێند دەخۆم بەو ساتە شیرینانەی کە وەک شەربەت وابوو کاتێک دەمبینیت، ئێستا لە دووریی تۆدا تەنانەت شەرابیش بخۆمەوە لە دەممدا تامی ژەهری ماری هەیە

لەکن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من لەکن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ

لەلای تۆ بەبێ بوونی من تەنانەت دڕک و پووش و پەڵاشیش وەک باخچەی گوڵ وایە و نەبوونی من هیچ لە ژیانت ناگۆڕێت، بەڵام لەلای من کە بێ تۆم تەنانەت خەرمانێک لە گوڵیش وەک دڕک ئازارم دەدات

لەکن من با وجوودی ناس و ئەجناس کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ

هەرچەندە ئەم شارە پڕە لە خەڵکی جۆراوجۆر و زۆر قەرەباڵغە، بەڵام لە چاوی مندا بەبێ بوونی تۆ ئەم شارە تەواو چۆڵە و هەست دەکەم هیچ کەسی تێدا نییە

هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ

تا ئەو کاتەی تۆ دۆست و ئاشنام بوویت هەموو خەڵکیش دۆستم بوون، بەڵام ئێستا کە تۆم لێ دووری تەنانەت تاڵە مووەکانی گیانیشم وەک بێگانە و دوژمنم لێ هاتوون

هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ

هەموو ڕۆژێک لە دەست ئازاری دابڕانی ئەمساڵ، ئاوات دەخوازم کە خۆزگە دوو ساڵ لەمەوبەر (پێرار) بمردایە و ئەم ڕۆژانەم نەدیتبایە بەبێ تۆ

لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی نالی دوو جۆگە، بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ

لە خەفەت و ئارەزووی بینینی باڵای سەروت ، فرمێسکی چاوەکانی نالی بوونەتە دوو جۆگەلە، نەخێر... بەڵکو بوونەتە دوو ڕووباری پڕ ئاو لە تاو بێ تۆیی (سەرو=سنەوبەر)