تا لە من ئەو زوڵفە ڕێی بۆسە و کەناری گرتووە

وێنەسازیی عەشق لە شیعری نالی لێکدانەوەی چەند بەیتێک لە دیوانی نالی
تێبینی ئەم بەرهەمە کراوە بە گۆرانی لەلایەن عەدنان کەریمەوە (https://youtu.be/_aN0FGMBW0A?si=R1yZTo-WxsJxhQCw)
ناودەمم بێ شوبهە تامی زەهری ماری گرتووە لەوکاتەوەی زوڵفی یار ڕێگەی ماچ و باوەشی لێ گرتووم، بێگومان ناو دەمم تامی تاڵی ژەهری ماری گرتووە (بەهۆی بێبەشبوونم لە ماچی یار یان چونکە زوڵفی وەک ڕەشمارە و دەمم بەری دەکەوێت)
خۆش لەسەر سینەی سەری هەڵداوە دوو گۆی سەر بە مۆر مات و حەیرانم کە عەرعەر کەی هەناری گرتووە! لەسەر سنگی یار دوو گۆی دەست بۆ نەبراو سەریان هەڵداوە، سەرم سوڕماوە و حەپەساوم کەی داری عەرعەر (مەبەست لە باڵای بەرز و ڕێکی یارە) هەناری گرتووە! (مەبەستی سەر سوڕمانیەتی کە داری سنەوبەر چۆن هەناری گرتوە) (عەرعەر = سنەوبەر)
ئەژدەهای زوڵفی لە دەوری گەنجی حوسنی حاریسە حەڵقە حەڵقە، چین بە چین، سەرتا بە خواری گرتووە زوڵفی یار وەک ئەژدیها پاسەوانی گەنجینەی جوانیی ڕوخساریەتی (وەک ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت مار پاسەوانی گەنجینەیە)، حەڵقە حەڵقە و چین بە چین لە سەرەوە تا خوارەوەی ڕوخساری گرتووە
ماهی من تەنها مەهێکە سەد نوجوومی مەحو کرد یاری من تەنها گوڵێکە سەد هەزاری گرتووە یاری دڵبەری من مانگێکی تاقانەیە کە ڕووناکییەکەی سەد ئەستێرەی شاردووەتەوە، تاقە گوڵێکە بەڵام سەد هەزاری (مەبەست لە سەدان بولبول یان سەدان دڵدار) بەخۆیەوە سەرقاڵ و گیرۆدە کردووە
دامەنی پاکی مەداری دائیرەی خامەک نیە خوێنی مەقتوولانە وا دامێنی یاری گرتووە داوێنی پاکی یار وەنەبێ لەبەر ئەوە شین یان مۆر بنوێنێت کە قوماشەکەی لە (خامەک) بێت، بەڵکو ئەوە خوێنی ئەو دڵدارە کوژراوانەیە کە لەپێناو عەشقی ئەودا گیانیان داوە و خوێنەکەیان داوێنی یاری گرتووە
گەرد و بادی هیجری تۆ وا عالەمی لێ کردمە تۆز نەک دوو چاوم، بەڵکە حەتتا دڵ غوباری گرتووە تۆز و ڕەشەبای دووریی تۆدونیای لێ کردووم بە تۆز و غوبار، نەک تەنها هەردوو چاوم بەڵکو تەنانەت دڵیشم تۆز و خۆڵی خەفەتی گرتووە
شەربەتی عوننابی لێوی شەککەر و بادامی چاو سەروی قەددت ڕاستە ئەنواعی سیماری گرتووە شەربەتی شیرینی لێوت وەک عونناب سوورە و چاوەکانیشت وەک بادامە، بۆیە ڕاست دەڵێن کە باڵای ڕێک و بەرزت وەک درەختی سەروو جۆرەها میوە و بەری (وەک عونناب و بادام) گرتووە (عونناب = هەڵوژە) (سەروو/سیمار=عەرعەر/سنەوبەر)
لەعلی شەککەرباری تۆ تێراوە، شەککەر باریە لێوی میحنەتباری من بێئاوە، باری گرتووە لێوی ئاڵ و شیرینی تۆ (وەک بەردی لەعل) پاراوە و شەکری لێ دەبارێت، بەڵام لێوی پڕ خەم و مەینەتباری من لە تینوێتی و خەفەتدا وشک هەڵاتووە و توێژاڵی تاڵی (باری) گرتووە (لەعل = یاقوتی سور) (باری = قڵیشان)
پڕجەفایە، بێوەفایە، زوود جەنگە، دێر سوڵح سەد درێغ و حەیفە تەبعی ڕۆزگاری گرتووە یار زۆرم ئازار دەدات بێوەفایە و زوو شەڕ دەکات و درەنگ ئاشت دەبێتەوە، سەد مەخابن و حەیف کە ئەویش سروشتی ئەم ڕۆژگارەی گرتووە
یادی کانی دمدم و سەرچاوەکەی مێگوڕ دەکا بەکرەجۆی چاوم کە شێوەی سەرچناری گرتووە چاوەکانم یادگارییەکانی کانیی قەڵای دمدم و سەرچاوەکەی مێگوڕ دەخەنەوە بیر، فرمێسکی چاوەکانم وەک ئاوی بەکرەجۆ بێ وەستان شێوەی کانییەکانی سەرچناریان گرتووە
بێمەحابا ئاو دەڕێژێ گەهـ بە فەور و گەهـ بە دەور چاوی من موددێکە شێوەی ئابشاری گرتووە چاوم بێ وەستان و بێ کاتێکی دیاریکراو جارجار بە پەلە و جارجار بە نۆرە فرمێسک دەڕێژێت، چاوم ماوەیەکە شێوەی تاڤگەی (ئابشار) گرتووە و سەرەمڕ ئاوی لێ دەڕوات
شەمعی بەزمی من کە وا سووتاوە، زەرد و ئەشک ڕێژ قەت نییە فەردێک نەڵێ ڕەنگی مەزاری گرتووە مۆمی کۆڕی ژیانم (کە مەبەستی لە چاوەکانییەتی) هێندە سووتاوە و زەرد هەڵگەڕاوە و فرمێسک (دڵۆپەی مۆم) دەڕێژێت، کەس نییە بیبینێت و نەڵێت ڕەنگی گۆڕستان و مردووی گرتووە
موددەعی زەجرم دەکات و، پێم دەڵێ: سەبرت ببێ کەر بە لەعنەت بێ کە کەی عاشق قەراری گرتووە! ئەو کەسەی لە دڵداری نەگەیشتووە و لۆمەم دەکات سەرم دەکوتێتەوە و پێم دەڵێت "ئارام بگرە"، دەک (پیاوی کە)ر بە لەعنەت بێت ئایا کەی کاتی وا هەبووە عاشق بتوانێت ئارام بگرێت!
نالی وا دائیم کە مەشغووڵی فوغان و ناڵەیە باعیسی هیجرانی یارە دڵ شەراری گرتووە نالی کە بەردەوام خەریکی گریان و ناڵە و هاوارە، هۆکارەکەی دووری و دابڕانە لە یار کە وای کردووە دڵ و دەروونی ئاگر بگرێت
