Skip to content
← All writings

خۆرێک ئاوا بوو، دوو ئازیزی لێم برد

گەشتێکی ئاسایی دەرەوەی شار بوو. گاڵتە و پێکەنین، کاتێکی خۆش لەگەڵ هاوڕێکان. بەڵام لە ڕێگای گەڕانەوەدا، ڕووداوێکی کارەساتبار هەموو شتێکی گۆڕی.

ڕووداوێکی ڕاستەقینە لە زاری خودی کەسەکەوە

ئەوەی ئێستا باسی دەکەم ڕووداوێکی ڕاستەقینە و جەرگبڕە کە لە ساڵی ٢٠١٧ بەسەرکەسێک هاتوە. ئەمە گێڕانەوەیەتی لە زاری خودی کەسەکەوە باسی دەکەم .

گەشتێکی خۆشی

ماوەیەک بوو ئێمە و هاوڕێکانم دەمانویست گەشتێکی دەرەوەی شار ڕێکبخەین. دوای مشتومڕێکی زۆر و دیاریکردنی چەند کاتژمێرێک، لە کۆتاییدا ڕۆژی پێنجشەممەمان دیاری کرد بۆ ئەم چوونەدەرەوەیە.

ئێمە بە دوو ئۆتۆمبێل بەڕێکەوتین، شەش کەس بووین. یەکێک لەو کەسانە کوڕی پورم بوو، یان دەتوانم بڵێم باشترین هاوڕێی ژیانم بوو - ناوی هاوە بوو.

هاوە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە بوو کە من پێیدا دەڕۆیشتم، چونکە لە هەمووان زیاتر ئەزموونی لە شۆفێریدا هەبوو. نۆ ساڵ بوو شۆفێری دەکرد.

بەیانییەکی زوو دەرچووین و گەیشتینە شوێنی مەبەست. نازانم بۆچی، بەڵام کات زۆر خێرا تێپەڕی - وەک ئەوەی تەنها دوو کاتژمێر لەدەرەوە بووین، لە کاتێکدا لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەوێ ماینەوە.

هەتا ئێوارە تەنها گاڵتە و گەپمان دەکرد، کاتێکی خۆشمان بەسەر دەبرد. کاتێک ئاوابوونی خۆر نزیک بووەوە، بڕیاری گەڕانەوەمان دا.

تەنانەت لە ڕێگای گەڕانەوەشدا گاڵتە و پێکەنینمان بەردەوام بوو.

شەوێک کە هەموو شتێک گۆڕی

بەڵام لەناکاو لەم ئێوارەیەدا، دوو ڕووداوی باوەڕپێنەکراو و دڵتەزێن بەسەردا هات.

لە کاتی گەڕانەوەدا، ئێمە لە لایەنی خۆماندا دەڕۆیشتین و خێرا بووین. بەڵام پیکابێک لە بەرامبەرماندا دەهات، ئەویش زۆر خێرا بوو.

ئێمە چوار کەس بووین لەناو ئۆتۆمبێلەکە.

پیکابەکە ڕاستەوخۆ خۆی پێمان کێشا. هەرچوارمان برینداربووین.

دەستێکم شکا و بێهۆش بووم. بەڵام لەنێو بێهۆشیدا، گوێم لە دەنگێک بوو کە هاواری دەکرد: "شۆفێرەکە نەماوە! شۆفێرەکە نەماوە!"

لە تاو مردنی هاوە شۆکم لێکەوت. نەمدەزانی چی دەکەم و بۆ کوێ دەچین.

بە گریان و دڵشکاوەوە، ئێمەیان برد بۆ نەخۆشخانە.

هەواڵی تاڵ

کاتژمێر بووبووە ١١:٢٥ی شەو. باوکم و مامم بە چاوێکی سوور و تێکشکاوەوە هاتنە لام.

باوکم هیچی نەدەگوت.

بەڵام مامم وتی: "دەی کوڕم، زوو با بچینەوە ماڵەوە."

نەمدەزانی چی ڕوویداوە.

کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە، هەموو خزم و دۆست و ناسیار و دراوسێکانمان لە ماڵی ئێمە بوون. بە دەستی شکاومەوە، شۆک بووم. نەمدەزانی چی دەگوزەرێت.

دوای کەمێک ئەمبوڵانسێک هاتە ماڵەوە.

تەرمی دایکمیان هێنایەوە.

نەمدەزانی چی بکەم. لەو کاتەدا نەمدەزانی هەستم چۆن بێت.

تەنها دەمپرسی: "بۆ؟ چۆن ئەمە ڕوویدا؟"

و تەنها دەگریام.

لەو شەوەدا هەردوو "هاوە"ی دڵم و "دایکم"م لە دەست دا.

ئەو شەوە ناخۆشترین شەوی ژیانم بوو.

لەو شەوەدا پرسە و سەرگۆڕی دایکم و هاوە پێکەوە بوون. نەمدەزانی بۆ کامەیان بگریم و بۆکامە دەرد بلاوێمەوە.

ڕاستییەکی تاڵتر

دوای پێنج ڕۆژ لە پرسەی هەردووکیاندا، ڕاستییەکی تاڵتریان پێ گوتم:

دایکم لەسەر بان بەربووەوە و گیانی لەدەستدا، کاتێک کە ئێمە تووشی ڕووداوەکە بووین.

هەواڵی هەڵە پێیان گەیاندبوو. وایان زانیبوو من شۆفێرەکەم و من مردووم.

بە ماڵەوە هەواڵیان دابوو کە من مردووم.

دایکم لەو کاتەدا لە سەرەوە بوو، گوێی لەم هەواڵە بوو.

لەو کاتەدا تەنها لە خۆی دەدا و بێئاگابوو، لەسەر لێواری سەربانەکە بوو.

لەسەر بانەوە کەوتە خوارەوە. پێش ئەوەی بگەیەننە نەخۆشخانە، گیانی سپارد.

گەورەبوون لە یەک شەودا

لەو شەوەدا گەورە بووم.

هەر لەو شەوەدا بوو وای لێکردم هەست بە خۆم بکەم.

لێرەوە دایە، زۆر خۆشم دەوێیت.

لە دوای تۆ من سەرگەردان بووم.

لەو کاتەوە تا ئێستا نۆ ساڵ تێپەڕیوە.

لەو کاتەوە، هەموو هەفتەیەک سەردانی گۆڕی دایکم و هاوەی دڵم دەکەم.

خوا بە بەهەشتیان شاد بکات.

"خۆرێک ئاوا بوو، دوو ئازیزی لێم برد"